هەرێم نیوز
کۆمپانیای مێتا بڕیاریدا، لەمەوبەدوا لایڤی فەیسبووک تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ دەمێنێتەوە دواتر دەسڕدرێتەوە.
کۆمپانیای مێتا بڕیاریدا، لە ئەمڕۆ 19ـی شوباتی 2025ـەوە، لایڤی فەیسبووک تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ دەمێنێتەوە و دوای ئەو ماوەیە، خۆبەخۆ دەسڕدرێتەوە.
ئەم یاسا نوێیە تەنیا لایڤ (پەخشی راستەوخۆ لە فەیسبووک ) دەگرێتەوە و جۆرەکانی دیکەی ڤیدیۆ مەترسییان لەسەر نییە.
لە راگەیێندراوێکدا، مێتا دەڵێت، "ئەم گۆڕانکارییە هاوکاریمان دەکات لە هێشتنەوەی بەکارهێنەرانمان و خزمەتکردنیان بە نوێترین تایبەتمەندییەکانی پەخشی راستەوخۆ".
مێتا لایڤە کۆنەکان دەسڕێتەوە و بەوەش، کۆگەی زیاتری دەست دەکەوێت بۆ هەڵگرتنی داتاکانی و بە گوتەی خۆیان، بەو رێگەیە خێرایی بەرهەمەکانیان زیاتر دەکەن.
کۆمپانیا زەبەلاحەکەی نێو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "زۆربەی بینینەکان (views)ـی پەخشی راستەوخۆ لە هەفتەکانی سەرەتادا روودەدەن و پاش ماوەیەک بینەریان نامێنێت".
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکانی مێتا، لە پاش هەر لایڤێک، لایڤەکە دەتوانرێت لێبدرێتەوە، داونلۆد بکرێت یان شەیر بکرێتەوە، بەڵام پاش 30 رۆژ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەسڕدرێتەوە.
بەر لە سڕانەوەی، فەیسبووک بە ئیمەیڵ خاوەن و بەڕێوەبەری هەژمار یان پەیجەکە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر دەیەوێت لایڤەکە داونلۆد بکات، با بیکات، بۆ ئەمەش 90 رۆژ مۆڵەتی دەداتێ.
مێتا دەڵێت، بەزوویی چەند تایبەتمەندییەک زیاد دەکات تاوەکو بەکارهێنەران بزانن چۆن ئاسانتر لایڤە کۆنەکانیان داونلۆد دەکەن.
ئەم بڕیارە لایڤە کۆنەکانی مانگ و ساڵانی پێشتریش دەگرێتەوە؛ مێتا دەڵێت، پرۆسەی سڕینەوەیان بە چەند قۆناخێک دەبێ و چەندین مانگ دەخایێنێت.
مێتا کۆمپانیایەکە خاوەنی چەندین تۆڕی کۆمەڵایەتییە، کە ناسراوترینیان فەیسبووک و ئینستاگرامن. فەیسبووک تائێستا زۆرترین بەکارهێنەری لەسەر ئاستی جیهان هەیە کە سەرووی سێ ملیارە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوانەی کە پێیان خۆش نییە لایڤەکانیان لەبەرچاو نەمێنن، دەتوانن داونلۆدیان بکەن تاوەکو بە ئەرشیڤکراوی لە لایان بمێنێتەوە. هەروەها پێشنیاز دەکات، ئەگەر پێیان باش بوو، دەتوانن بە ڤیدیۆی کورت و بەشێوەی ریل جارێکی دیکە بڵاویان بکەنەوە.
کۆمپانیای مێتا نەیشاردووەتەوە کێشەی کۆگەی هەیە و توانای هێشتنەوەی ئەو هەموو داتایەی نییە، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەیەتی.