هەرێم نیوز
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی “هەژماری من” بووەتە تەوتین و هیچ جیاوازییەکایان نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەربارەی بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵاکەی سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی داننانە بە هەژماری مندا.
ئاماژەی بەوەشدا، کە سەرەتا دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندبوو کە دەبێت فەرمانبەران لە بانکە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەژمار بکەنەوە، بەڵام لە ڕوونکردنەوەکەی دواتر و بڕیارەکەی دوێنێشدا دەڵێت تەوتین لە هەموو ئەو بانکانەدا دەکرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێ دراوە.
فازڵ نەبی وتیشی: هەژماری من لە هەرێمی کوردستانیش هەر بەو شێوەیە بەڕێوەچووە، بۆیە “هەژماری من” بووەتە تەوتین و هیچ جیاوازییان نییە و تەنها ئەوەیە ناوەکەیان جیاواززە.
ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت هەژماری من پەلە بکات لە کردنەوەی هەژمار بۆ فەرمانبەران و بە دوورینەزانی لە داهاتوودا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە ڕابگیرێت کە هەژماریان نەکردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین کەوا دووپاتی کردووە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت و لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران وتیشی: فەرمانبەر سەرپشک دەکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە، دەشڵێت: هەموو ئەمانە یەکدەگرنەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژە هەژماری من.