هەرێم نیوز
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات سەبارەت بە مووچە و داواش لە فەرمانبەران دەکات بە زووترین کات خۆیان لە هەژماری من تۆمار بکەن.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین کەوا دووپاتی کردووە کە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت، لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت، هەروەها فەرمانبەر سەرپشک بکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە، کە هەموو ئەمانەش یەکدەگرنەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی هەژماری من”.
باسی لەوەشکرد، “جێگای بایەخە بگوترێت کە تیمەکەمان وەک بەشێک لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێڕاق کۆبوونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردوون وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیشدا هاتووە و ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لەڕێگەی ناردنی زانیاریی و پێشهاتی مانگانە بۆیان”.
ئەوەشی خستەڕوو: “هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی نزیکمان لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، بەوپێیەی بە بانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرینگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق”.عەزیز ئەحمەد ڕاشیگەیاند، داواکارین لە سەرجەم فەرمانبەران کە بەزووترین کات خۆیان تۆماربکەن و بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری هەژماری من بە ژمارە 1991″.