دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی به‌ سه‌رپه‌رشتیی بارزانی كۆبووه‌ و ژماره‌یه‌ك پرس و ته‌وه‌ری تاوتوێ كرد

هەرێم نیوز 

ئەمڕۆ شەممە 15ی شوبات كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سەرپەرشتی بارزانی سەرۆکی حزبەکە كۆبووه‌وه، لە راگەیەندراوێکدا کە حزبەکە بڵاویکردووەتەوە هاتووە، چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، رابگەیەندرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، ژماره‌یه‌ك پرس و ته‌وه‌ری تایبه‌ت به‌ کێشە و گۆڕانکارییەکانى ئاستى جیهان و ناوچەکە، گۆڕانکارییەکانى سووریا و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەگشتى و کوردستانى سووریا بە تایبەتى، پرۆسەى ئاشتیی لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانى لوبنان، په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتی لەگەڵ لایەن سیاسییەکانى عێراق، بابەتى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆ و هەنگاوەکانى دانوستاندن و بابەتەکانى ناوخۆى پارتی تاوتوێ كرد.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمڕۆ شەممە، 15ـی شوباتی 2025 كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر چەند پرسێکى ناوچەیى و جیهانى و، بابەتى پەیوەست بە ڕێکخستنى ناوخۆیى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیارى پێویست وەرگیرا.

تەوەری یەكەم/ کێشە و گۆڕانکارییەکانى ئاستى جیهان و ناوچەکە

ڕووداوەکانى شەڕى غەززە و هەڵوێستى حکومەتەکانى ئەمریکا، ئەوروپى و عەرەبییەکان و، ئاکامەکانى شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ هەردوو لایەنى شەڕکەر و، کاریگەرى لەسەر کۆى پرسى فەڵەستین و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و ئاییندەی کەرتى غەزە بە تایبەتى و فەڵەستین بە گشتى خرانە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

ته‌وه‌ری دووه‌م/گۆڕانکارییەکانى سوریا و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەگشتى و کوردستانى سوریا بە تایبەتى

ئاکامەکانى کەوتنى ڕژێمى بەعس لە سوورىا و هاتنە سەر دەسەڵاتى لایەنە بەرهەڵستکارەکان بە سەرۆکایەتى (ئەحمەد شەرع) تیشکى خرایە سەر و، تەواوى لایەنەکانى ئەو گۆڕانکارییە شرۆڤەکران، هەروەها کاریگەرىى لایەنە دوور و نزیکە دەرەکییەکان لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى سوریاى نوێ و ئاراستەى سیاسى ئەو دەسەڵاتەى ئێستا و چۆنیەتى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانى وڵاتەکە لە لایەک و، لە لایەکى دیکەوە چۆنیەتى مامەڵەکردنى دەسەڵاتى نوێ لە هەمبەر چارەسەرى کێشەى کورد و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانى مافەکانى کورد لە ڕابردوودا، گفتوگۆیان لە بارەوە کرا

هەروەها کۆبوونەوەى جەنابى سەرۆک بارزانى لەگەڵ فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە، هاوکات تەواوى هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک بۆ نزیککردنەوە و پێکەوە کارکردنى لایەنە کوردیۆەکانى سووریا لە پێناو ئەوەى بە یەکەوە بەشێکى سەرەکى گفتوگۆکانى دامەزراندنەوەى سووریاى نوێ بن،  بە گرنگ و ئامانجدار هەڵسەنگێنران. لایەنە ئەرێنى و نەرێنیەکانى گۆڕانکاریى سووریا لەسەر پەیوەندییەکانى وڵاتانى ناوچەکەش خوێندنەوەى پێویستى بۆ کرا.

تەوەرى سێیەم/ پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان

ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمان بکرێت و پێویست بێت و لێمان داوا بکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە.

تەوەرى چوارەم/ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانى لوبنان

دوابەدواى ڕووبەڕوبوونەوەکانى حزب اللەى لوبنانى و دەوڵەتى ئیسرائیل و، ئاستى شەڕ و پێکدادانەکان و کاریگەرییان لەسەر دانیشتوانى سەرتاسەرى لوبنان و کۆچى بە کۆمەڵى لوبنانیەکان بۆ دەرەوە، هەروەها مامەڵەى وڵاتان لەگەڵ ئەم ڕەوشە نالەبارە و کردەوە خوێناویانە، گۆڕانکارى لە دید و بۆچوونى لایەنە سیاسیە جیاجیاکانى لوبنان دروستکرد و، بۆ دواى ڕێککەوتن و ئاگربەست پەیوەندییە ناوخۆیى و دەرەکیەکانى لوبنان گۆڕانکارى ڕیشەییان بەسەرداهات، بەجۆرێک هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستدا دامەزراوەکانى وڵاتەکە (سەرۆکى لوبنان و حکوومەت) کە ماوەیەکى زۆربوو ئاستەنگیان بۆ دروست کرابوو، هەڵبژێردران و دەستبەکار بوون، ئەم زەمینەیە و کارابوونەوەى دامەزراوەکان کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و، ڕۆڵ و پەیوەندییەکانى حزب اللە لە ناوچەکەدا.  

تەوەرى پێنجەم/ په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتیمان لەگەڵ لایەن سیاسییەکانى عێراق

هەر لە سەرەتاى دامەزراندنى کابینەى بەڕێز (محمد شیاع سوودانى) لەسەر بنەماى ڕێککەوتنى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و لایەنەکانى سونى، هەوڵەکانمان بە ئاراستەى پشتگیرى حکوومەت بۆ بەڕێوەچوونى کار و خزمەتى خەڵک و جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بووە، سەبارەت بە بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێ نەکردنى بڕگەکانى ڕێککەوتنەکان، کۆبوونەوە جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکان لە ڕوانگەى دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردوە و، کۆبوونەوە تەئکیدى کردەوە کە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە سیاسى نەکرێن و ماددە دەستوورییەکان وەکوو ئەوەى کە لە دەستووردا هاتوون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن. هەروەها کۆبوونەوە پشتیوانى خۆى بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە بۆ چارەسەری هەمیشەیى گیروگرفت و کێشەکان.

تەوەرى شەشەم/ بابەتى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆ و هەنگاوەکانى دانوستاندن 

دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە 20ـی ئۆکتۆبەى 2024، پارتیمان لیژنەیەکى باڵاى تایبەتى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا و، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لیژنەکەمان سەردانى تەواوى ئەو لایەنە سیاسییانەى کە بەشدارى هەڵبژاردن بوون کرد، بیروڕا گۆڕینەوە و زەمنەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بوو و، لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانیى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەست پێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێ. 

تەوەرى حەوتەم/ بابەتەکانى ناوخۆى پارتیمان

-بابەتى پرۆسەى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان لە سنوورى هەر سێ مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکانى نەینەوا و کەرکووک گەرمیان و بەغدا، کە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پارتیمان و لە چوارچێوەى ڕێنماییەکان ئەو پرۆسە گرنگە بە سەرکەوتووىی ئەنجامدرا و کۆتایى هات.

-بابەتى پەیمانگاى پێگەیاندنى کادران، لە ڕوانگەى گرنگیدان بە پرۆسەى ڕۆشنبیرکردن و پێگەیاندن و شیاندنى کادران، بیستەمین خولى پەیمانگاى کادیران بە گوێرەى پلان و پرۆژەیەکى سەردەمى و نوێ دەکرێتەوە، کۆبوونەوە ئەو بڕیارەى بە هەنگاوێکى پێویست زانى.

-بابەتى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ و چۆنیەتى ئامادەکارییەکان، کارى لەپێشینە و گرنگى ئۆرگانە جیاجیاکانى پارتیمان خۆ ئامادەکردن دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو ڕوویەکەوە، لەم ڕوانگەوە کۆبوونەوە لیژنەیەکى بۆ دیراسەکردنى بابەتە یاسیاییەکان و ڕێکخستنى هەنگاوەکان پێکهێنا.

-دوابەدواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئۆرگانەکانى پارتیمان لە ناوخۆى هەرێم و سنوورەکانى دەرەوەى هەرێم بە دوو قۆناغ، لیژنەیەکى هەڵسەنگاندن پێکهات بۆ دیراسەکردنى خاڵە بەهێز و لاوازەکانى پڕۆسەکە و پێشنیارەکان، بۆیە بەپێویست زانرا دەست بە جێبەجێکردنى ناوەرۆکى هەڵسەنگاندنەکە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە مەکتەبى سیاسى ڕاسپێردرا بۆ کار و هەنگاوى پێویست.

كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

15ـی شوباتی 2025




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP