دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی هەرێم و سکرتێری گشتی ناتۆ پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مارک ڕۆته‌، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئاتڵه‌نتيك(ناتۆ)، گرنگيى بەهێزکردنی په‌یوه‌ندی و هاوکاريی ناتۆ له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکانیان تاوتوێ كرد، هاوکات مارک ڕۆته‌‌ پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێواره‌ى ئەمڕۆ شەممە 15ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مارک ڕۆته‌، سکرتێری گشتیی پەیمانی باکووری ئاتڵه‌نتيك (ناتۆ)، کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگيى بەهێزکردنی په‌یوه‌ندی و هاوکاريی ناتۆ له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکاندا، تاوتوێ كرا.

ئەوەش هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی ناتۆ لە بواری بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە لەپێناو پاراستنى سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، کردەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێم دەڵێت، لاى خۆیەوە ڕۆته،‌ پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان له‌ ناوچه‌كه‌.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دۆخی سووریا و پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، لايه‌نێكى ديكه‌ى گفتوگۆکانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP