هەرێم نیوز
سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان بەهێزکردنی هاوکاری سیاسی و ئابووریان تاوتوێ کرد و تيشكيان خسته سەر پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 15ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییهكانى عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ تورکیا تاوتوێ کران، هەروەها باسيان له چۆنيهتى بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارى سیاسی، ئابووری و ئەمنيدا كرد و تيشكيان خسته سەر پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر برهودان به پەیوەندیی دۆستانهى ههرێمى كوردستان لەگەڵ تورکیا لهسهر بنهماى بهرژهوهنديى هاوبهش کردەوە، ههروهها ئاماژەی به گرنگيى هاريكاريى هاوبەش لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکان، بەتایبەتی له بوارى ئاسایش و سەقامگیریى ناوچهكهدا، كرد.
ئەوەش هاتووە، لاى خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان، خواستى تورکیای بۆ بەهێزکردنی زياترى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا نيشان دا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه ئەمنییەکان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشانەوە لە ناوچەکەدا کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێشهاتهكانى ناوچهكه و دۆخی سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبهش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.