هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ باس لە قۆناغەكانی ڕێكخستنەوەی پاڵاوگەكان دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەو پاڵاوگە لاوەكییانەی لەنێو پاڵاوگە گەورەكان دروست كرابوون، سەرجەمیان لابراون.
مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە پاڵاوگەكان بۆ قازانجی زیاتر، لەنێو پاڵاوگەكان، پاڵاوگەی لاوەكییان دروست كردبوو كە پێیان دەگوترێت "پاڵاوتنی دوو" ئەمەش نایاساییە و كاریگەری زۆر خراپی بۆ ژینگە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرجەم ئەو شوێنانەی بوونەتە هۆی دووكەڵی زۆر و بۆنی پیس داخراونو دەبێت سەرجەم پاڵاوگەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و دووكەڵ و بۆنیان نەمێنێت.
راشیگەیاند: هیچ پاڵاوگەیەک نەماوە پاڵاوگەی لاوەكیی لەنێو بێت و پاڵاوتنی دوو بكات و دەبێت سەرجەم پاڵاوگەکان بورجیان هەبێت و ئاگرەكەی هەڵگیرسێنن تا كەمترین دووكەڵیان هەبێت.
وتیشی: دەبێت هەموو پاڵاوگەكان حەوزیان هەبێت، بۆ ئەوەی پاشماوەكانیان نەیخەنە نێو ئاوی جۆگە و تێكەڵی زەویی كشتوكاڵیی نەكەن.
پێشتریش؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاندبوو، لەماوەیەكی كەمدا 59 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون و 28 خاوەن پاڵاوگەش دەستگیر كراون و ئێستا لە زیندانن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر بووە جێگەی مشتومڕ، تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە چوار بڕیار لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەرچوو کە یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەیە؛ هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، دەبێت بە زووترین كات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر و دابخرێت.