دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

دەستگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆژی 15ـى شوباتى ساڵى 1999

هەرێم نیوز

عەبدوڵا ئۆجەلان سیاسەتمەداری دیارى کورد و ڕیبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا لە وڵاتى کینیا دەستگیرکراو دواتر ڕادەستى تورکیا کرایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لەنێو زیندانى ئیمراڵی ژیان دەباتە سەر، دواى بیست و شەش ساڵ بە زیندانیکردنى وا خەریکە پرۆسەى چارەسەریی پێدەنێتە قۆناغێکى ترەوە و لەو میانەیەشدا رۆڵی هەرێمى کوردستان (بەهەردوو پارتى دەسەڵاتدار) و سەرۆکایەتییەکانیەوە بەهێند وێنادەکرێت.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە 4ی نیسانی 1948 لە گوندی عەمەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا- لە باشووری رۆژھەڵاتی توركیا لەدایکبووە وەک بنەماڵەکەى باسی دەکەن لە منداڵییەوە كاریگەری ئاینی ئیسلام و کەسایەتى سەعید نورسی – یان سەعیدی کوردیی- بەسەرپێگەشتنییەوە دیاربوە و تا ماوەیەکی زۆر بەردەوامبووە.

لە ساڵی 1966 خوێندنی پیشەیی لە بواری روپێویی تەواوکردوە، ساڵی 1972 كۆلیژی زانستە سیاسییەكانى زانكۆی ئیستانبوڵ‌ تەواوکردوە، لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردودا، تێكەڵی كاری سیاسی بوە و لە ئەنقەرە بۆ ماوەی 3 ساڵ لە ریزی چەپەکانی توركیادا چالاكی سیاسی کردوە و بە هۆی بەشداریكردنی لە مانگرتنێكدا لە ساڵی 1972 بۆ ماوەی 7 مانگ زیندانیکراوە و دواتر ئازاد کراوە.

لە ساڵی 1973 دوای بێئومێدبوونی لە چەپی توركی و بێهەڵوێستیان بەرامبەر دۆزی كورد، یەكەم كۆمەڵەی نهێنی کوردی پێكهێناوە، کە بە گروپی ئاپۆچیەكان ناسراوبووە.

ساڵی 1978 بە بەشداریی 23 كەس پارتى کرێکارانى کوردستان دامەزراندووە و یەكەم كۆنگرەیان بەستوە و لەو كۆنگرەیەدا حەوت كەس بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی پەكەكە هەڵبژێردراون وعەبدوڵا ئۆجەلان کراوەتە ڕێبەر، دواتر شۆڕشەکە لە سیاسی و ڕێکخراوەییەوە گۆڕاوە بۆ شۆڕشی چەکداریی. پاشان خەباتى سیاسی و سەربازیی پارتەکە گوازراوەتەوە بۆ دەشتى بیقاع لە سوریا و پاش مانەوەى 19 ساڵ و دورستکردنی کەمپێک بۆ مەشق و ڕاهێنان لە ساڵی 1998 لەژیر فشارى تورکیادا سوریاى بەجێهێشتووە، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی تورکیا لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، هیچ وڵاتێک ئامادەی داڵدەدانی نەبووە.

دوای رێککەوتنی ئۆجەلان و حکومەتی یۆنان کە وڵاتەکەیان بەجێبهێڵێت بۆ ماوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە نایرۆبی بمێنێتەوە و دواتر داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لە کینیا یان وڵاتانی دیکەی ئەفریقیا بکات ، بەڵام هەموو رێککەوتنەکان سەریان نەگرت و لە ژێر فشارێکى بەهێزی تورکیا ، شەوی 14 لەسەر 15ی شوباتی 1999 لەڕێگەی فڕۆکەیەکی یۆنانیەوە بەڕێکەوتوە بۆ ئەفریقیا، دوای گەیشتنیشی بە نایرۆبی، تیمەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا، توانیان گوێ لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆجەلان و هاوڕێکانی بگرن و شوێنەکەى دیاری بکەن و لەماوەیەکى کەمدا هەڵبکوتنە سەرى و لە رۆژی 15 شوباتى 1999 دەستبەسەریانکرد و رەوانەی تورکیایان کردەوە.

سەرەڕای ئەوەى ئۆجەلان لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرنەکەوت چی گوتووە، بەڵام وێنەکانى لەنێو فڕۆکەکەدا وایدەردەخست کە بێهۆش کرابێت. لەلایەن دادگای تاوانەکانی تورکیاوە سزای لەسێدارەدانی بۆ ئۆجەلان دەرکرا، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ترسی تێکچوونی بارودۆخی نیوخۆی تورکیا، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕاو تا ئێستاش لە زیندانێکی دورگەی ئیمراڵیدا ژیان بەسەر دەبات و چاوەڕێش دەکرێت خەباتى چەکداریی کورد لەو پارچەیەى کوردستان لەسەر دەستى ئەودا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و لەماوەی دواتردا پەیمامێک بڵاوبکاتەوە، بەڵام هێشتا روون نییە ئاخۆ پەیامەکەى چى دەبێت و لەبەرژەوەندی کێ دەشکێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى ئەنجوومەنی وەزیران رۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئاسایی کردنەوەى دۆخی توکیادا، هەربۆیە ئۆجەلان لە یەکێک لە ڤیدیۆ پەخشنەکراوەکانیدا رایگەیاندووە سەردانی مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان بکەن و رای ئەو وەربگرن لەبارەى پرۆسەى چارەسەرییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP