هەرێم نیوز
لە گەرمەی گۆڕانکارییەکانی جیهاندا نێچیرڤان بارزانی چۆن بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ساڵی 2025 کرا و لە داهاتوودا چی ڕوودەدات؟
لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، ماوەی 11 ساڵە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی حکومەت لە پاڵ سەرۆکانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بانگهێشت دەکرێت و هەرێمی کوردستان وەک تاکە کارەکتەری نادەوڵەتییە کە بەبایەخەوە بەشداری دەکات.
بۆ ئەمساڵ کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرا و چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا.
لە ماوەی سێ ڕۆژدا نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە 40 دیداری لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ئەنجامداوە، هەروەها دیداری لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و مارک رووتە سەرۆکی ناتۆش ئەنجام دا، ئەمە دەرخەری گرنگیی پێگە و شکۆی هەرێمی کوردستانە.
لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دوو پارچەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە، هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەکی گرنگی ئاشتیخواز دەبینرێت کە بۆچوون و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەگرنگ دەبینرێت، بەتایبەت هەوڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردن و بەدەستهێنانی مافی کورد لە ڕۆژئاوا و هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزی کورد.
لەلایەکی دیکەشەوە هاتنی شاندی ئیمڕاڵی کە ئاماژەیان بەوە کردبوو خودی ئۆجەلان لە نامەکەیدا داوای کردبوو بۆچوونی بارزانی وەربگیرێت سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان، جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.
ساڵی ڕابردوو کاتێک ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ مەراسیمی دووبارەکردنەوەی کاتیدرالی نۆتردام بێت لە پاریس، هاوکات دۆناڵد ترەمپیش بانگهێشت کرابوو، ماکرۆن لەو بۆنەیەدا دەستی بۆ نێچیرڤان بارزانی ڕاکێشا و بە ترەمپی وت: ئەگەر دەتەوێت کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاشتی چارەسەر بکەیت، ئەوا دەبێت سوود لە بۆچوونەکانی ئەم سەرۆکە وەرگریت.
بۆیە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەرکەوت کە ئەو بۆچوونە تەنیا تایبەت بە سەرۆکی فەڕەنسا نییە بەڵکو وڵاتانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی زلهێزی جیهان هەمان بۆچوون و دیدگایان هەیە. بۆیان دەرکەوت ئەو سیاسەتە ستراتیژی و لۆژیکییەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کلیلی چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکی ئاشتییانەی دوور لە جەنگ کە تێیدا کورد پارێزراو بێت و مافی خۆی بەدەستبهێنێت.