هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی سزادانی لەلایەن دادگاوە، عەبدوڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وانی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە، ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک قەیووم لە جێگەی زەیدان دانراوە، کە وەزارەتەکە بە بریکاری سەرۆکی شارەوانی ناویدەبات.
11ی ئەم مانگە، دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، لە دوایین دانیشتندا، بە تۆمەتی هاوکاریی پەکەکە، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەر عەبدوڵا زەیداندا سەپاند.
لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئازاری رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 11 سەرۆکی شارەوانیی دووخراونەتەوە و قەیووم لە جێگەیان دانراوە، کە نۆیان سەر بە پارتی دەم و دووانیان سەر بە جەهەپە بوون.
ئەو شارەوانییانەی پارتی دەم قەیوومیان لە جێگە دانراوە بریتیین لە جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلهـ، دەرسیم، خەلفەتی، ئاکدەنیز، مکس، سێرت و وان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا دوای دانیشتنی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە راگەیەنراوێكی سەبارەت بە دانانی قەیوم لە توركیا بڵاوكردەوە و هۆشداریی توندی بە ئەنكەرە دا.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە: پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بە قوڵی نیگەرانە لە بڕیارە توندەكانی حكومەتی توركیا بەرانبەر ژمارەیەك سەرۆك شارەوانیی ئەو وڵاتە، بۆیە پێویستە سەرجەم ئەو سەرۆك شارەوانیانەی بە بیانوی جیاوازەوە دوورخراونەتەوە و قەیوم لەشوێنیان دانراوە، بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.