هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوو بڕیار لەبارەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانەوە دراون، ئەوانیش ناوی ئەو منداڵانە زیاد دەکرێت لە بەشەخۆراکی مانگانە، کە تا ئێستا بێبەشن لە وەرگرتنی بەشەخۆراک و دووەمیش ئەوەی کارتی نیشتیمانیی نەبێت، لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش دەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل ڕایگەیاند، دوو ساڵ دەبێت ئەو منداڵانەی لەدایک بوون و ناویان لە بەشەخۆراکی مانگانە زیاد نەکراوە، بەشەخۆراک وەرناگرن، بەڵام لە ئێستادا پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردن لە پارێزگاکان دەستی پێکردووە و لە پارێزگای واست ٩٥%ی پرۆسەکە تەواو بووە و لە شەش پارێزگای دیکەش دەست پێدەکرێت، یەکێک لەوانە پارێزگای ھەولێرە و چاوەڕێ دەکرێت لیژنەکانی بەغدا بێنە ھەرێمی کوردستان و پێکەوە دانیشتن ئەنجام بدەین و ئەو ڕێکارانەی پێویستن، بیانگرینە بەر، بۆ ئەوەی بکرێتە ئەلیکترۆنی.
شێخ کامیل دەڵێت، دواتر ئێمە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی و بریکارەکانەوە پرۆسەکە دەست پێدەکەین تا ناوی ئەو منداڵانەی بێبەشن لە وەرگرتنی بەشەخۆراک، زیاد بکرێن، چونکە ژمارەیەکی زۆری منداڵ لە ھەرێمی کوردستان بێبەشن لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە.
وتیشی، هەر کەسێک کارتی نیشتیمانیی خۆراک بێبەش دەبێت و بەشەخۆراکی مانگانەی نامێنێت، چونکە پسوولەی خۆراک دەچێتە ناو کارتی نیشتیمانییەوە، بۆیە بێبەش دەبن لە بەشەخۆراکی مانگانە، ئێستاش ئەو بڕیارە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە پێویستە ھەر کەسێک کارتی نیشتیمانیی نییە، بە زوویی کارتی نیشتیمانی دەربکات، بۆ ئەوەی لە بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نەبێت و مانگانە بەشەخۆراکی خۆی وەربگرێت، چونکە ئەوە کراوەتە مەرج بۆ پێدانی بەشەخۆراک.
گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی لە رێگەی درووستكردنی داتابەیسێكی تایبەت بە زانیاری لەسەر هاووڵاتیان دەبێت، تا بتوانرێت لیستی ئەو كەسانە جیابكرێتەوە كە لە كوردستان ناژین یان ئاستی بژێویان بە جۆرێكە پێویستیان بەو بەشە خۆراكە نییە و رێكخستنی بەرنامەكە بە جۆرێك بۆ ئەو كەسانەی زیاتر پێویستیانە بەشە خۆراكیان بۆ دابین بكرێت.
پێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندبوو پاش تەواوبوونی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی بەشەخۆراک لە عێراق، پرۆسەکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش دەستپێدەکات. وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەشڵێت، تەنیا شتێک هاوڵاتییان بیکەن ئەوەیە، ئەپڵیکەیشنەکە لە مۆبایلە زیرەکەکانیان دابەزێنن، لە رێگەی هەنگاوە سادەکانییەوە دەتوانن داتاکانیان نوێ بکەنەوە یان تاکی نوێ زیاد بکەن.