دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەنار عوبێدی: قەرزی ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە 13 تریلیۆن دینار

هەرێم نیوز 

سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق بۆ شیکاریی ئابووری ڕایگەیاند، قەرزی ناوخۆی عێراق زۆر بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 13 ترلیۆن دینار، چارەکردنی کێشەی قەرزی ناوخۆیش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی بەهێز و پلانی ئابووریی بەردەوام هەیە.

پێنجشەممە، 13ـی 2ی 2025، مەنار عوبێدی، سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق بۆ شیکاریی ئابووری ڕایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵدا قەرزی ناوخۆی عێراق زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و گەیشتووەتە 13 تریلیۆن دینار، کە دەکاتە 4%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆ.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوودا قەبارەی قەرزی ناوخۆ تەنیا شەش تریلیۆن دینار بووە واتە لە 2% کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، بەڵام تەنیا ساڵی ڕابردوودا یەکسان بووە بە هەرچوار ساڵەکە.

باسی لەوەش کردووە، ساڵی ڕابردوو نرخی نەوت بەراورد بە چوار ساڵی پێشوو، بەرزبووەتەوە؛ بۆیە پێویست بوو قەرزی ناوخۆیی کەم ببێتەوە، بەڵام زیادبوونی قەرزی ناوخۆ ڕێژەی قەرزی بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ 25% بەرزکردەوە. هەروەها بەردەوامیی زیادبوونی قەرزی ساڵانە بە هەمان خێرایی، لەگەڵ ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت لە داهاتوودا، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی قەرزەکان لە 60%ی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕێنێت.

سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق وتیشی، مەترسییەکە لەوەدایە کە قەرزی ناوخۆ چۆن ئاراستە دەکرێت، چونکە زۆربەی ئەم پارەیە لەبری ئەوەی ئاراستەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی بەرهەمدار بکرێت، بۆ خەرجییەکانی کارکردن خەرج دەکرێت. ئەم خەرجیانەی کارکردن بەهای زیادە بۆ ئابووریی نیشتمانی دروست ناکەن و بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی باشتر ناکات، ئەمەش وا دەکات پرۆسەی دانەوەی ئەم قەرزە لە داهاتوودا ئاڵۆزتر بێت.

جەختیشی کردەوە، 13 ترلیۆن دینار، زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستە بڕیاردەران بیر لە ستراتیجییەکانی خەرجکردن بکەنەوە، پێویستە ئەم پارانە ئاراستەی پڕۆژەی وەبەرهێنان بکرێت، کە دەتوانێت ئابووریی نیشتمانی و بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، چارەکردنی کێشەی قەرزی ناوخۆیی پێویستی بە ئیرادەی سیاسیی بەهێز و پلانی ئابووریی بەردەوام هەیە، چونکە ڕەنگە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی ئێستا، ببێتە هۆی قەیرانێکی ئابووری قووڵتر کە دەرچوون لێی ئاسان نەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP