دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەیە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل ڕەنگە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هێرشی پێشگیرانە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی جۆ بایدن و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە و نووسیویەتی، هێرشێکی لەو شێوەیە دەتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چەند هەفتەیەک یان مانگێک دوابخات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاندووە، ناتوانن ڕاستەوخۆ پشتڕاستی بکەنەوە.  هەروەها کۆشکی سپی ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات. بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، حکومەتی ئیسرائیل، سی ئای ئەی، دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا و نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، هەموویان ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بدەن.

برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ "ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت".

بە وتەی هیوز، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ پێی باشە کێشەکان لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی ئاشتیانە و لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکات، بەڵام بۆ هەمیشە چاوەڕێ ناکات ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بەم زووانە ڕێککەوتنێک بکات.

دۆناڵد ترەمپ لەم دواییانەدا فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆکرد بۆ گەڕانەوە بۆ "زۆرترین فشار" لەسەر ئێران و ڕایگەیاندبوو کە ڕێگری لە تاران دەکات کە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیەوێت ئێران وڵاتێکی سەرکەوتوو بێت و ئەمریکاش لەگەڵیدا بگاتە "ڕێککەوتنی ئاشتی ئەتۆمی پشتڕاستکراوە".

ترەمپ هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئەو یان بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە بکرێنەوە ئامانج ئەوە "ئێران دەسڕدرێتەوە و هیچی لێ نامێنێتەوە".

لەم هەفتەیەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکاش ڕەتکردەوە و وتی کە ئەم جۆرە دانوستانانە "ژیرانە نین، هۆشمەندانە نین و شەرەفمەندانەش نین".

خامنەیی وتی: دانوستانمان کرد، ئیمتیازمان دا، ئیمتیازمان وەرگرت، بەڵام ئەو ئەنجامەمان بەدەست نەهێنا کە مەبەستمان بوو.  "لایەنی بەرامبەر ئەم پەیماننامەیەی تێکدا و پێشێلی کرد."

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەشبینی خۆیان لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران دەربڕی، بەڵام ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن بۆ دانوستان ئەگەر دادپەروەرانە بێت.

دوای ڕەتکردنەوەی دانوستان لەلایەن خامنەییەوە بەهای تمەن بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و نرخی سەد دۆلار بۆ زیاتر لە نۆ ملیۆن تمەن داکشا و بەمەش لە ناوخۆی ئێراندا ناڕەزایەتی زیاتر لەبارەی سیاسەتەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دروستبووە.

پێش گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ڕاگەیەندرا کە ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپیدا دانوستان دەکات کە بریتین لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا. لەو کاتەدا ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەشداری دانوستانەکان ناکەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP