هەرێم نیوز
فیراس سدیق ڕایگەیاند، سبەی هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە.
دووشەممە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "رۆژی چواری ئەم مانگە شاندێکی کشتوکاڵی عێراق هاتن بۆ هەولێر و خۆیان چوونە پەلەوەرخانەکان و سامپڵیان لە پەلەوەرەکان وەرگرت بۆ دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشکەکان".
جەختی لەوەشکردەوە: “ئەمڕۆ پشکنینەکانمان لە بەغدا بۆ گەڕایەوە کە پاک و بێ کێشەبوون، سبەی هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە”.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: "بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کردووە، تاوەکو دۆخی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلۆنزای باڵندە پاکن”.