دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی بانگهێشتی مۆسکۆ دەکرێت

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەگەڵ شاندێکی ڕووسیا کۆبووەوە و لەلایەن شاندەکەوە بانگهێشتی ڕووسیا کراوە، هەروەها خواستی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کراوەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، بیروڕامان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کرد.

ئاماژە بەوەش کراوە، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا، بە فەرمی بانگهێشتی مەسرور بارزانی کردووە بۆ مۆسکۆی.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کراوەتەوە، لەم ڕووەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم درا. 

مەسرور بارزانی دەشڵێت، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سووریا. هاوڕابووین لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP