هەرێم نیوز
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک سەبارەت بەوەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم قەدەغەی کردووە کەسانی بیانی لە مرگەوتەکانی هەرێمی کوردستان چالاکی ئاینییان هەبێت، وەزارەتەکە ڕوونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: سەبارەت بەدەنگۆی ڕێگریکردن لە چالاکی ئایینی و قورئان خوێندن بۆ (کەسانی بیانی )،بۆ ھەموولایەکی ڕووندەکەینەوە، کە چالاکی ئایینی و پێشنوێژی، یان قورئان خوێنی لەلایەن کەسانی بیانی(بەڕێگە پێدانی) لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کارێکی ئاساییە، لەم ڕووەوە پێشوازی لە ھەر چالاکیەک لەچوارچێوەی ڕێنماییەکان دەکەین.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە :" ئەوەی کە ڕێگە پێدراو نییە، مەبەست لێی ئەو بەڕێزانە پێشوەختە پێویستە (مۆڵەت) لە وەزارەت داوا بکەن تاوەکو رەزامەندی وەربگیرێت . هەروەک لە هەموو وڵاتانیش بەم شێوازەیە،ئەمەش پارێزگاریکردنە لە شوێنێکی پیرۆز کە مزگەوتە".