هەرێم نیوز
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارەی ئەو کچەی شەوی ڕابردوو کچێک دەخنکێنیت و دواتر دەیسووتێنێت دەستگیرکرا.
چوارشەممە، نەقیب کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارێکی بەڕەگەز عەرەبی خەڵکی سووریای بەناوی (م. ب. ذ) بە تۆمەتی کوشتنی ئافرەتێکی بەڕەگەز عەرەب بەناوی (ٱ. س. م) دەستگیر کرد.
بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبارە سوورییەکە لەگەڵ ئافرەتە عەرەبەکە لە هۆتێلێکی هەولێر، درەنگانی شەو هەر لە ژووری تایبەتی مانەوەی کچەکە لەسەر کێشەیەک دەبێتە دەمەقاڵییان، لە ئەنجامدا تۆمەتبار ئافرەتەکە لە ژوورەوە بە وایەرێک دەخنکێنێت، دواتر پارە و ئاڵتونەکانی دەدزێت.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکە بەوەندە ناوەستێت، کاتێک کچەکە دەخنکێنێت، تەرمی دەخاتە نێو بەتانیەک و دەیخاتە نێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی، دەیگوازێتەوە و دەچێتە بەنزینخانەیەک بایی دوو هەزار دینار بەنزین لە بەنزینخانەیەکی بەحرکە دەکڕێت و لە جلیکانێکی دەکات، وەک لە گرتە ڤیدیکانیش دەرکەوتووە، دواتر تەرمی کچەکە بۆ شوێنێکی دوورە دەستی بەحرکە دەبات و لەوێ دەیسووتێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە تاوانەکە بدزێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، پاش ئەوەی پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار کرایەوە، بە چەند کاتژمێرێکی کەم تۆمەتبار دەستنیشان کرا و دەستگیر کرا، لە لێکۆڵینەوەشدا دانی نا بە تاوانەکەیدا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان دراوەتە دادگا.