هەرێم نیوز
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق جەختدەكاتەوە، كە “بڕیارەكانی تانەیان لێنادرێت و پابەندكارن بۆ گشت دەسەڵاتەكان”، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دژی بڕیارەكەی دوێنێی دادگای باڵای فیدڕاڵی وەستایەوە، كە بڕیاری دابوو بە ڕاگرتنی كاركردن بە سێ یاساكە.
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیارەكانی دادگا تانەیان لێننادرێت و پابەندكارن بۆ گشت دەسەڵاتەكان.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو دەقەی هاتووە سەرجەم بڕیارە و حوكمەكان دەگرێتەوە، كە لەلایەن دادگاوە دەركراوە تەنانەت بە فەرمانە سالاریی (ولائی)ەكانەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، دەستوور بریتییە لە بەڵگەنامەی گەل و هێزی بڕیارەكانی دادگا دەستوورییەكان پشت بەو بەڵگەنامەیە دەبەستێت، كە پێویستە یەرجەم لایەەنەكان پابەندبن پێوەی و پێشێلی نەكەن.
ئەم بەیاننامەیەی دادگای فیدڕاڵی دوابەدوای فەرمانە سالارییەكەی دوێنێی هات بۆ ڕاگرتنی كاركردن بە هەر سێ یاسای (باری كەسێتی- گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ- لێبوردنی گشتی) بەشێوەی كاتی تا داواكەی بەردەمی یەكلایی دەبێتەوە، كە ئەوەش كاردانەوەی سوننەكانی لێكەوتەوە و هەڕەشەی خۆپیشاندانیان كرد دژی ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی.
ئەمڕۆش وەك پاڵپشتییەك بۆ هەڵوێستی سوننەكان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە پووچەڵ دانا و ڕایگەیاند، ناتوانرێت هیچ بڕیارێک دەربکرێت پێش ئەوەی یاساکان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوبکرێنەوە و دەبێت یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ بکرێت.