هەرێم نیوز
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر جگە لە هەڵگیرساندنی ئاگرێکی کەم، زیانی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمشەو، 02-02-2025، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرێکی کەم لەنزیک خەزانی سووتەمەنیی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ کەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی و مادی نەبووە و کاری نەکردووەتە سەر ئاستی بەرهەمهێنان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکرایکرد، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوونی بۆ رووداوەکەی کێڵگەی کۆرمۆر کرد و "فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی تەکنیکی دا بۆ زانینی وردەکارییەکانی رووداوەکە
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئابووریی وڵات و زیان گەیاندن بە بژێوی و بەرژەوەندییەکانی خەڵک، هەوڵێکە دژی هەموو عێراقییەکان و هێزە ئەمنییەکانمان رێگە بەمە نادەن و کار لەسەر بەدواداچوونی هەموو وردەکارییەکانی ئەم رووداوە دەکەن و توانای کۆنترۆڵکردنی هەموو هەوڵە بێبەهاکان و سزادانی هەر کەسێکیان هەیە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئابووریی وڵات بدات".