دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئەسۆشێتد پرێس: بەرپرسانی حكومەتی عێراق لە باڵاترین ئاستدا داوایان لە ئەمریكا كردووە هێزەكانی نەكشێنێتەوە

هەرێم نیوز 

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، زۆرینەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەمانگی پشتگیری مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن، لە باڵاترین ئاستدا داوایان لە ئەمریكا كردووە هێزەكانی نەكشێنێتەوە، دەشڵێت، لاوازبونی ئێران لەناوچەكە وایكردووە گروپە چەكدارەكان هەست بە لاوازبون بكەن. 

ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاویكردەوە، روخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، وایکردووە لایەنە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق بە هەوڵەکانیاندا بچنەوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەش بەوتەی بەوتەی چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کەوتنی ئەسەد کە هاوپەیمانی ئێران بوو، بووە هۆی لاوازبوونی هەژمونی تاران لە ناوچەکە، ئەوەش وایکرد گروپەكانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن.

 بە گوێرەی ئاژانسەکە، زۆرێک لە عێراق ترسیان لەوە هەیە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنییە بقۆزێتەوە بۆ گەڕانەوە، لە کاتێکدا سەرکردایەتی نوێ لە سوریا هێشتا کاردەکات بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر وڵاتەکەدا و پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی.

بەرپرسێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ڕایگەیاندووە، زۆربەی سەرکردە شیعیەكان پشتگیری لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، بەهۆی ئەوەی لە سوریا رویداوە نایانەوێت بڕۆن. 

 بەرپرسە ئەوەشی وتووە ، ترسیان هەیە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنییە بقۆزێتەوە ئەگەر ئەمریکییەکان عێراق بەجێبهێڵن، ئەوەش دەبێتە هۆی داڕمانی دۆخی ئەو وڵاتە.

بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە میانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەزگاكەی ئاماژەی بەوەداوە، لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە وڵات بکات لەم کاتەدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو دەنگانەی پێشتر داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان دەکرد لە عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەكشێیان كردووە،  پێشبینیشی كردووە، ئەمساڵ هیچ کشانەوەی ئەمریکا ڕوونەدات.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، بەرپرسانی حکومەتی عێراق بەشێوەیەكی نافەرمی و لە بەرزترین ئاستدا، داوایان کردووە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانی  نێودەوڵەتی نەهێنرێت لە عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دوابخرێت.

 بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریكیە، عێراقییەکان نیگەرانن لەوەی داعش ئەو ئاژاوەییە بقۆزێتەوە کە دوای روخانی ئەسەد سەریهەڵداوە، هاوكات بوونی کۆگا زەبەلاحەکانی چەک کە سوپای پێشوی سوریا بەجێی هێشتووە، بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە، ئەو مەترسیەشی بە "نیگەرانیەكی ڕەوا" ناوبردووە. 

ئاژانسەکە راشیگەیاندووە، حکومەتی عێراق هیچ بەیاننامەیەكی فەرمی سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی ئارەزومەندانە بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەرنەكردووە.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی هەینی رابردوو ڕایگەیاند، چوارچێوەی کاتیی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەگۆڕاوە، کۆبونەوەکانی نێوان هەردوولا هێشتا بەردەوامن.

مانگی ئەیلولی ڕابردوو، بەغدا ڕایگەیاند، لەگەڵ واشنتۆن گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەر خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق "بە دوو قۆناغ.

وەزیری بەرگری عێراق لەو کاتەدا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنەکە قۆناغی یەکەمی لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا ئەیلولی (٢٠٢٥) لەخۆگرتووە کە "بەغدا و بنکە سەربازییەکانی ڕاوێژکاران" لەخۆدەگرێت.

لە قۆناغی دووەمدا، لە ئەیلولی (٢٠٢٥)ەوە تا ئەیلولی (٢٠٢٦) لە کوردستانی عێراق، لە باکوری وڵات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP