هەرێم نیوز
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وەک ئاماژەیەک بۆ دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی ڕایگەیاند، بە ئامانجی ئازادکردنی تیرۆرستان فشار هەیە، یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵوەشێنینەوە، دەشڵێت، جیهانی ئەمڕۆ پڕە لە ئاستەنگ و مەترسی گەورە، بەتایبەتی ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات، مەبەست لێی ئەوەیە لە عێراقیش ڕووبدات.
ئەمڕۆ، شەممە 1ـی 2ی 2025، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کۆڕبەندی دامەزراندنی ئەنجوومەنی هۆزەکانی کەربەلا ڕایگەیاند، ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات، ئاژاوەیەکی گەورەیە، ئەگەر بەرامبەری نەوەستینەوە، ئەوە بە تەواوەتی لە ناوچەکە بڵاو دەبێتەوە، لەوەشدا نابێت ڕادەستی ئەو کەسانە بین کە دەیانەوێت ئەزموونی سووریا لە عێراق دووبارە بکەنەوە.
دەشڵێت، بە گرتنە بەری ڕێو شوێنی خۆپارێزی دەتوانین خۆمان لەو زریانە بپارێزین کە لوبنان، فەڵەستین و سووریای گرتووەتەوە.
نوری مالیکی جەختیشیکردەوە، پێویستە لە پاشماوەکانی داعش و حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە ئاگەدار بین، چونکە ئەوان دەیانەوێت دووبەرەکی لەنێوان خەڵکی عێراق دروست بکەن، هەرچەند کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت هاتووە.
ئاشکراشیکرد، بە ئامانجی ئازادکردنی تیرۆرستان فشار هەیە، یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵوەشێنینەوە، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رێگە بەم کارە نادات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای لێبووردنی گشتی دەرکرد کە وا دەکات، هەزاران زیندانی، لەنێوانیشیاندا ئەوانەی هێرشیان کردە سەر سەربازانی ئەمەریکا و ئەوانەشی لە ڕیزی داعشدان، ئازاد بکرێن.