هەرێم نیوز
شاندێکی حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمشەو دەچێتە بەغداد، بڕیارە ڕۆژی هەینی لەگەڵ تەیف سامى و بەرپرسانی دارایى عێراق کۆببنەوە.
شاندەکەی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى ئاوات جەناب، وەزیرى دارایى و ئابوورى و ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوان و ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون دەچنە بەغداد.
بڕیارە سبەی هەینی کۆبوونەوەکە دەستپێبکات و لیژنەى تەکنیکى دارایى عێراق دوو راپۆرتیان ئامادە کردووە، یەکێکیان لەسەر تەرازووى پێداچوونەوەى مانگى 12ـى ساڵى رابردوو، هەروەها راپۆرتى دووەمیان لەسەر مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2025 دەبێت.
کۆبوونەوەکە لە ماڵی فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەکرێت و ناوبراو پێشتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە لە چهند رۆژی داهاتوودا شاندی هاوبهشیی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان سهبارهت به پرسی مووچه کۆدەبنەوە.
حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕى 268 ملیار دینار پارەى بەغدادى بۆ مووچەى مانگى 12 لەبەردەستدایە و چاوەڕێى بەغداد دەکەن تاوەکو تەواوکارییەکەى دابینبکات کە بەوردى لەتەرازووى پێداچوونەوە خراوەتەڕوو.