هەرێم نیوز
سودانی میوانداری سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانی کرد و رایگەیاند، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، میوانداری کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکات، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، لەکۆشکی حکومەت میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد کە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لەخۆگرت، بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێز مەحمود مەشهەدانی و جێگرەکانی بەڕێز موحسن عەلی مەندەلاوی و بەڕێز شاخوان عەبدوڵڵا.
ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، جگە لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئەولەویەتەکانی گەشەپێدان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەسەر بنەمای ڕۆڵی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پابەندبوونانەی لەبەرنامەی حکومەتدا هاتووە وەسف کرا، بەشێوەیەک بەرژەوەندیی باڵای نشتیمانی لەبەرچاو بگرێت، و دوایین هەموارکردنەوە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات، و ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی چل و پێنجەمینیدا لە 5 ی تشرینی دووەمی ڕابردوودا پەسەندی کرد، و نووسراوی ژمارە 15 ی نوێنەری حکومەت لەئەنجومەنی نوێنەران پشتڕاستکرایەوە، کە لە 23 ی کانوونی دووەم بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، و هەمان دەق لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا.
هەروەها سودانی رایگەیاندووە، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە.
ئەوەش هاتووە، لە لای خۆیانەوە هەر یەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ پەسەندکردنی ئەو دەقەی حکومەت کە نێردراوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و جەخت کرایەوە لەسەر پشتیوانیکردن لە پلان و بەرنامەکانی حکومەت، لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقییەکان لەهەموو شوێنێک.