دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئەنجومەنی فەتوای هەرێم: خۆتان لەم کارە حەرامە بپارێزن

هەرێم نیوز

 ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایگەیاند: وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر پەشیمانبوونەوە لە گرێبەستی کڕێن و فرۆشتنی خانووبەرە حەرامە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە، پرسیاریان كرد لەبارەی ئەوەی كە هەندێك لە نووسینگەكان كرێی دەڵاڵیی زیاتر لە ئەندازەی یاسایی لە كڕیار و فرۆشیار وەردەگرن، یان جاری وا هەیە لەگەڵ لایەنێك یان چەند لایەنێك ڕێكدەكەون و لەسەر حیسابی لایەنی بەرانبەر، پارەیەكی زیاتر وەردەگرن.
لیژنەكە دەڵێت، دروست نییە كرێی دەڵاڵی زیاتر لە ڕێژەی یاسایی لە كڕیار یان فرۆشیار وەربگیرێت،

بە پێچەوانەوە ئەو ڕێژە زیادەیە حەرام دەبێت، چونكە پابەندبوون بە یاسا بەركارەكان بەمەرجێك پێچەوانەی شەرع نەبن و قازانجی گشتی بەدی بهێنن، واجبێكی شەرعییە.

دەشڵێن، دروست نییە لەسەر حیسابی لایەنی بەرانبەر پارەیەكی زیاتر وەربگیرێت، لەبەرئەوەی ئەوە دەبێتە غەش و خیانەتكردن، مەگەر ئەو كارە بەبێ ئیحراجكردن و بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەن بێت، هەروەها وا باشترە كرێی دەڵاڵی تەنیا لەلایەنی كڕیار وەربگیرێ، لەبەرئەوەی هەندێك لە زانایان دەفەرموون: وەرگرتنی كرێی دەڵاڵی دروست نییە لە كەسی (فرۆشیار) وەربگیرێت، مەگەر بە ئارەزووی خۆی بێت ئەوكات ئاساییە.

لە فەتوایەكی تر ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، ژمارەیەك لە خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە پرسیاریان كرد لەبارەی ئەوەی كە لە دەقی قەواڵەی گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، بووەتە عورفی نووسینگەكان مەرجی ئەوە دەنووسرێت كە هەر یەكێك لە كڕیار یان فرۆشیار پەشیمان بێتەوە، دەبێت بڕێك پارە بدات بە لایەنی بەرانبەری، ئایا وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە دروستە؟، لە كاتێكدا ڕەنگە (جاری وا هەیە) هەردوو لایەن دوای پەشیمانبوونەوە بەڕەزامەندیی خۆیان ئەو بڕە پارەیە دەدەن بە بەرانبەرەكەیان
لە فەتوای ئەنجوومەنەكەدا هاتووە، دانانی ئەو مەرجە لە مامەڵەكاندا دروست نییە، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەش بەرانبەر بە پەشیمانبوونەوە دروست نییە و دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵك بە بەتاڵ و بێ بەرانبەر، باش ئەوەیە مرۆڤ لە مامەڵەكردندا لێبوردە بێت و بەبێ بەرانبەر و لەبەر ڕەزامەندیی خودا چاوپۆشی بكات لە بەرانبەرەكەی ئەگەر پەشیمان بووەوە.

راشیگەیەند، ئەگەر لایەنێك سوور بوو لەسەر ڕواندنی مامەڵەكە و وەرگرتنی ئەوە بڕە پارەیە، دەرچەی شەرعی ئەوەیە سەر لەنوێ كڕیارەكە بە فرۆشیارەكەی بفرۆشێتەوە بەكەمتر یان زیاتر یان بە پێچەوانەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە كاتی پەشیمانبوونەوەی كڕیار یان فرۆشیار و قبووڵكردنی پەشیمانبوونەوەكە، دروستە نووسینگەكە كرێی دەڵاڵی وەربگرێت، مەگەر پەشیمانبوونەوەكە لە مەجلیسی مامەڵەكەدا بێ یان مەرجی پەشیمانبوونەوەیان لە نێوانیاندا دیاری كردبوو بە كەمتر لە سێ ڕۆژ پەشیمانیش بوونەوە، لەو كاتەدا نابێت كرێی دەڵاڵی وەربگیرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP