هەرێم نیوز
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان سەرۆک فراکسیۆنەکان لە ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەکۆی دەنگ بڕیاریدرا دەنگ لەسەر دەقی ئەو ھەموارەی یاسای بودجە بدرێت، کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردووەو پەسەند بکرێت.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە هەموارەكە رازین و داوا دەکەن بەو شێوەی رەوانە کراوە پەسەند بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە: ھەموو فراکسیۆنەکان داوایان کرد و پشتگیریان کرد یاسای بودجە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە بەو شێوەی حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی: چاوەڕێ دەکرێت بە زووترین کات پەرلەمان کۆبێتەوە و دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای بوودجە لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بدرێت و پەسەند بکرێت، بۆیە ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکان لە ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر باش و ئیجابی بوو.
محەممەد شەیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووە و تێیدا سەرۆکوەزیران داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کردووە دەنگ لەسەر ئەو ھەموارە بدەن کە ئێستا لە پەرلەمانە و تەنیا دەنگدانی ماوە تاوەکو دووبارە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەست پێبکاتەوە.