هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێم رایگەیاند، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبووەوە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان، بەشێکی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 2025/1/27 بەڕێز د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو میشێل سایدەرز، بەرپرسی کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و شاندێکی یاوەری، کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای خستنەڕووی دۆخی ناوخۆ و ڕەوشی گشتیی ناوچەکە، بیروڕا سەبارەت بە لێکەوتەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەوەش هاتووە، لە تەوەری ناوخۆدا، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خرایە بەر باس، لەمبارەیەوە، سەرۆکی نووسینگە دوا هەنگاوەکانی ناو پرۆسەکە و هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، ڕوون کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و گرنگیی بەردەوامی و پەرەپێدانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.