هەرێم نیوز
دوای نزیکەی چوار کاتژمێر، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبونەوەی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و دەمپارتی كۆتایی هات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، كۆبونەوەی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و دەمپارتی كۆتایی هاتوە و چوار كاتژمێری خایاندوە و شاندەكەی دەمپارتی لە سڕی سورەیا و پەروین بوڵدان پێكهاتبون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەنەوە.
پێشتریش، پاش بانگەوازەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دیداری پارتی دەم و ئۆجەلان، رۆژی 28ـی مانگی رابردوو سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، سەردانی ئیمراڵییان کرد و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و نیو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا کۆبوونەوە.
لە دیدارەکەدا ئۆجەلان پەیامێکی حەوت خاڵی بە شاندەکە دا و تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد و وتی، "ئامادەیە بەشداری لەو دەستپێشخەرییە نوێیە بکات کە ئەردۆغان و باخچەلی خستوویانەتەڕوو".
رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، باخچەلی هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوتری لە مێژووی نوێی تورکیادا نا، داوای کرد ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دواتر سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت، کە مافێکە بەو زیندانییانە دەدرێت سزای زیندانیی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دەرگای ئازادبوونیان بە روودا دەکاتەوە.
رۆژێک دواتر عومەر ئۆجەلان، برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری پارتی دەم سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان یەکترییان بینی.
ئۆجەلان لە دیدارەکەدا وتی، "ئەگەر بارودۆخ بڕەخسێندرێت، خاوەن توانای تیۆری و پراکتیکییە بۆ گواستنەوەی ئەم دۆخە لە زەمینەی شەڕ و توندوتیژییەوە، بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی".
رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، باخچەلی داوای کرد دەستبەجێ شاندی پارتی دەم سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە، هەمان رۆژ هاوسەرۆکانی پارتی دەم داوایەکیان بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکەشی وەزارەتی داد کرد و وەزارەتی داد پاش چەند هەفتەیەک مۆڵەتی بە دیدارەکە دا.