هەرێم نیوز
نوسینگەی مەسرور بارزانی رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شا عەبدوڵلای دووەمی شای شانشینی ئوردن گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی فراوانکردن لە بوارە جیاوازەکاندا کرد، هاوکات شای ئوردن سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەربڕی.
نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن و لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵلای دووەم، شای شانشینی ئوردن کۆبووەوە.
ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و شای ئوردن گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی فراوانکردن لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، هەروەها خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم، سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەربڕی.
باسی لەوەش کردووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی ئوردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی شانشینی هاشمیی ئوردنی بە ڕێبەرایەتی خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز نرخاند.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریاش لە راگەیەنراوی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە، هەردوولا دووپاتیان کردەوە،ئاسایش و سەقامگیری سووریا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر گرنگە و جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کرایەوە.