دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵح موسلیم دیدارەکەی بارزانی و مەزڵووم عەبدی بۆ پرسی کورد بە گرنگ وەسفدەکات

هەرێم نیوز 

ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، رایدەگەیەنێت، "بۆ چارەکردنی کێشە هەنووکەییەکان و یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردان، پێویستە هەنگاو بنرێت، دەشڵێت، دیدارەکەی بارزانی و مەزڵووم عەبدی، بۆ پرسی کورد زۆر گرنگە". 

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، بە میدیاییەکانی نزیک پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاندووە، دیدارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پرسی کورد زۆر گرنگە.

وتیشی، "بۆ چارەکردنی کێشە هەنووکەییەکان و یەکێتیی و یەکڕیزی کورد، پێویستە هەنگاو بنرێت".

ساڵح موسلیم لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر مەنبج و بەنداوی تشرین، وتی، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەم بێنە سەر هێڵ و لەو بارەیەوە کۆبنەوە" .

ناوبراو وتیشی، "ئێمە چاوەڕێی ترەمپ و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەکەین لە بارەی هێرشەکانی تورکیا و ئەو ئاگربەستەی پێشوو کرابوو، هەڵوێستیان هەبێت، ئێمەش بۆ هەموو کارێک ئامادەین."

لە ساڵی ،2019 ئاگربەستێک لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا ئیمزا کرابوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە گرێ سپی و سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ساڵح موسلیم باسی لەوەش کرد، دوای کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریر شام، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ زیاد کردووە، بۆ ئەوەی بچێتە سنووی ڕووباری فرات، بەڵام تاوەکوو ئێستا سەرکەتوو نەبوون.

لەبارەی دۆخی تورکیا وتی، " کێشەی سەرەکی لە تورکیا پرسی کوردە، بۆیە پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەبکرێن، بەم شێوەیەش هێرشەکانی تورکیا ڕادەوستن" .

هەروەها ئاماژەشیدا، چارەکردنی کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە بۆ هەموو لایەنێک باشە، کورد ئێستاکە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، پێویستە هەموو لایەنێک لەو پرۆسەیە بەشدار بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP