دواین هەواڵ

جیهان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل دواجار بەفەرمی ئاگربەستی غەززەی ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی بەکاتی ناوخۆی وڵاتەکە، پشتڕاستی کردەوە کە تیمەکانی دانوستانکاری ئیسرائیل و حەماس لە دۆحە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانیان واژۆ کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە ڕۆژی هەینی لەگەڵ کابینەی ئەمنی کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر ڕێککەوتنەکە.

نووسینگەکە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو، بنیامین ناتانیاهۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو بابەتە دەرناکات تا وردەکاریی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی زیندانییەکان دیاری نەکرێت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: حکوومەتی ئیسرائیل پابەندە بە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگ، لەوانەش گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان، چ مردوو و چ بە زیندوویی.

هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی بە کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کردووە کە ئەمڕۆ کۆببێتەوە و دوای ئەوە، حکومەت بڕیارێک دەدات بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە.

بڕیارە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حە.ماس، لە ڕۆژی یەکشەممە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حە.ماس لە غەززە ڕۆژی چوارشەممە بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر و میسر کۆتایی پێهات، بەڵام هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی وردەکاری هەنگاوەکانی داهاتوو و شێوازەکانی جێبەجێکردنی یەکەم قۆناغ.

ڕێککەوتنەکە بریتییە لە وەستاندنی کاتی شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە و ئاڵوگۆڕی وردە وردەی بارمتەکان لەبەرامبەر ئازادیی زیندانیانی فەلەستینی.

هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە لە ماوەی ئاگربەستدا ڕۆژانە 600 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی دەچنە ناو غەززە.

لە میانەی هێرشی حە.ماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ١٢٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٥٠ کەسی دیکە بە بارمتە بردران بۆ غەززە.

دوابەدوای ئەم هێرشە، ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی حە.ماس و ئازادکردنی هەموو بارمتە ڕفێنراوەکان، لەشکرکێشی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل تا ئێستا ٩٤ بارمتە لەلایەن حە.ماسەوە دەستبەسەرن و لانیکەم ٣٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP