هەرێم نیوز
مارکۆ رۆبیۆ، کاندید بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، "پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە، وتیشی پێویستە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن.
رۆژی چوارشەممە، 15ی 1ی 2025، مارکۆ رۆبیۆ، کاندیدی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران لەلایەن لیژنەیەکی ئەو ئەنجوومەنەوە پێش بوونی بە وەزیر، گفتوگۆی لەگەڵ کرا و ژمارەیەک پرسیاری ئاراستە کرا.
سەبارەت بە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش رۆبیو وتی، "بەردەوام دەبین. کوردەکان قوربانی زۆریان داوە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکاندنی داعش، زیاتر لەوەش چەکدارەکانی داعشیان زیندانی کردووە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە."
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە و بە پاڵپشتیکارێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات دادەندرێن، کە لەلایەن کوردەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
کاندیدی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە ئاگربەستی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان" بپارێزرێت و دەڵێت: "دەبێت رێگە لەوە بگیرێت کە تورکیا ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا بقۆزێتەوە و رێککەوتنەکانی پێشوو پێشێل بکات."
رۆبیۆ پێیوایە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوەدایە سووریایەک هەبێت کە "چی دیکە نەبێتە گۆڕەپانی داعش، رێز لە کەمینە ئایینییەکان بگرێت، لە عەلەوییەکانەوە بۆ کریستیانەکان، کوردەکان بپارێزێت و نەبێتە ناوچەیەک کە ئێران بتوانێت لە رێگەیەوە تیرۆرەکەی بڵاوبکاتەوە بۆ حیزبوڵڵا و لوبنان ناسەقامگیر بکات."
رۆژی 8ی 12ی 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا سەرکەوتووبوون لە رووخاندنی حکومەتی سووریا و حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە تاوەکو مانگی پێنجی ئەمساڵ دروستکرد. دیارترین گرووپی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەستەی تەحریر شامە کە بەشێک لە سەرکردەکانیان پێشتر لە رێکخراوە "تیرۆرستییەکانی" وەکو قاعیدە و داعش بوون و لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان.