دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

وەزیری دەرەوەی سووریا: دەبێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگەڕێنەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، رێگە نادەن سووریا ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێکانی و رێگە بە دابەشبوونی خاکەکەشی نادەن، دەشڵێت، دەبێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگەڕێنەوە بۆ حکومەتی ناوەند. 

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پاش سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئیدارەی نوێ رێگە نادات خاکی سووریا بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و گەلی تورکیا بەکاربێت، کاردەکەین بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ متمانەپێکردنی ئیدارەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە. ئێمە ئێستا لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە لەرێگەی دانوستاندن و گفتوگۆ و چاوەڕێش دەکەین لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامێکی بەرجەستەکراو بەدەست بهێنین."

هەسەدە کە کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، چەند جارێک رایگەیاندووە  نایانەوێت لە سووریا جیاببنەوە و لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەشدا، شەیبانی وتی،" دەبێت ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق".

دووپاتیشی کردەوە، "چیدیکە هیچ پاساوێک بۆ بوونی هەسەدە بەو پێکهاتەیەی ئێستای لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پێویست نییە. دەبێت ئێمە کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی هۆزە عەرەبییەکان و گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ حکومەتی ناوەند.".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP