دواین هەواڵ

عێراق‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

لە دۆخێکی هەستیاردا سودانی گەیشتە تاران

هەرێم نیوز

محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهر ئاباد لەلایەن عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لێکرا.

 میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، هاوکات لە بارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.

هەروەها بەشێک لە میدیاکانی عێراق و لوبنان بڵاویانکردووەتەوە، ناوەرۆکی گفتوگۆکانی سوودانی و بەرپرسانی ئێران، جیا لە گۆڕانکارییەکانی سوریا؛ دۆخی سیاسی و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێک دەبێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ گەیاندنی پەیامی ئەمەریکا لە بارەی سنووردارکردنی دەستوەردانەکانی ئێران لە دۆخی ناوخۆی سووریا.

ماڵپەڕی عەرەبی جەدید لە بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان و کەمکردنەوەی چالاکیی و جوڵەکانیان سەرەکیترین بابەتی گفتوگۆکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئێران دەبێت، تیایدا داوا لە تاران دەکرێت هاوکاری حکومەتی عێراق بێت بۆ کەمکردنەوەی جوڵەی گرووپەکان، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی بەغدا لەم بابەتەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.

  بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەتی عێراق، دۆسیەی سووریا و خۆبەدوورگرتن لە دەستوەردان لە کارووباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا، دوورخستنەوەی هەموو مەترسییەکی ئەمنیی کە ڕەنگە بەپاساوی گرووپە چەکدارەکان ڕووبەڕووی عێراق ببێتەوە ئەویش بە هەڵوەشاندنەوە یان ڕێکخستنەوەیان بەجۆرێک گەرەنتی ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بکات لەگەڵ دۆسیەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لەبەردەستی گرووپە چەکدارەکانە، بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لەناوخۆ یان هاوردەکردنیان لە ئێرانەوە، سێ دۆسیەی دیکەی سەردانەکە دەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP