دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

کارنامەی سەردانەکەی سودانی بۆ تاران و چەند نهێنیەکی تر ئاشکراکرا

هەرێم نیوز

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کارنامەی سەردانەکەی سودانی بۆ تاران ئاشکرا دەکات کە سبەی چوارشەممە لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆککۆماری ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

میدیای نیمچە فەرمی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر زاری محەممەد کازم ئەلسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بڵاویکردەوە کە سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران یەک ڕۆژ دەخایێنێت و تێیدا پرسە دووقۆڵییەکان و پێشکەوتنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە سووریا تاوتوێ دەکرێت.هاوکات ئەم سەردانە بەمەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا لەسەری ڕێککەوتبوون.

دوو ڕۆژ پێش سەردانەکەی سودانی بۆ تاران، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بە سەردانێکی نهێنی هاتووەتە بەغدا لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە کۆبووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، قائانی پەیامێکی گەیاندووەتە سوودانی و دووپاتی کردووەتەوە، تاران ڕێگری له هیچ بڕیارێک سەبارەت بە چارەنووسی  بەرەی مقاوەمە لە عێراق ناکات.

هاوکات، سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق دەڵێن، ئێران هەوڵ دەدات پلانێکی پێشوەختە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حەشد بە شێوازی خۆی جێبەجێ بکات، پێش ئەوەی سوپای عێراق ناچار بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی.

بەپێی رۆژنامەی (ئەلعەرەب)، پلانەکەی قائانی پێشنیار دەکات، کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێک دەربکات بۆ تێکەڵکردنی هەزاران چەکداری حەشد بەتەواوی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان.

بەپێی زانیاریی رۆژنامەكە، ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەم پلانە نەهێشتنی هەر جۆرە دەرکەوتنێکی ئاشکرای چەکداری حەشدە و پاراستنی ئەندامەکانیەتی لە هەر بەئامانجگرتنێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی. بەم شێوەیە، چەکدارانی حەشد دەبنە بەشێک لە هێزە عێراقییەکان و جلی سەربازیی عێراقی لەبەر دەکەن، نەک جلی حەشد، کە ئەوەش دەبێتە هۆی پاراستنیان.

بەڵام چاودێران پێیان وایە، پلانەکەی قائانی ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێتەوە.

ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر سوودانی بۆ ڕێگریکردن لە پرۆسەی یەکخستن، کە هەموو هێزە عێراقییەکان دەخاتە ژێر گومانەوە و لە دیدی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکاندا دەیانکات بە حەشدێکی شەعبیی فراوانتر. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی لێدانی بەهێز ببنەوە، ئەگەر نەتوانن ڕێگری لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بکەن لەسەر شوێنە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد سەردانی چەندین وڵاتی ناوچەکەی کردووە لەوانە ئوردن و سعودییە و لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەش پرسە ئەمنییەکان تاوتوێ کراون، ڕۆژی چوارشەممەش دەچێتە تاران و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP