دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

تیمی هەژماری من: 219 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەردەگرن

هەرێم نیوز 

تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) ڕایدەگەیەنێت، 219 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی (هەژماری من)ـەوە مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو وەردەگرن و سەرجەم فەرمانبەرانی هەولێریش کارتیان وەرگرتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی 1ی 2025، سەرچاوەیەک لە تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) ڕایگه‌یاند، "ئێستا تەواوی فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەولێر کە ژمارەیان 175 هەزار و 958 کەسە، تۆمارکراوی پڕۆژەی هەژماری منن و مووچەی مانگی 11 لە رێگەی پڕۆژەکەمانەوە وەردەگرن."

وتیشی، "ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە لە هەژماری مندا تۆمارکراون، هاوشێوەی مانگی رابردوو لە یەکشەممەوە مووچەکانیان زووتر لە وادەی خۆی دادەبەزێت و پابەندی خشتەی دیاریکراوی وەزارەتی دارایی نابن."

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، "لە پارێزگای سلێمانی 8 هەزار و 321 فەرمانبەر، لە دهۆک 34 هەزار و 589 فەرمانبەر و لە کەرکووکیش 554 فەرمانبەر مووچەی مانگی 11 لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن."

بە گوێرەی تیمی پڕۆژەی (هەژماری من)، 219 هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی تشرینی دووەم لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن کە بەراورد بە مانگی رابردوو، 28 هەزار سوودمەندبوو زیادیکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی هەژماری من، تاوەکو ئێستا 720 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکردووە و 350 هەزار کارتیش دابەشکراون، زیاتر لە 550 ئامێری راکێشانی پارە ATMـیش لە 200 شوێنی جیاواز دانراون. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "لە داهاتوودا ژمارەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە زیاد دەکەین، بەمەش ژمارەی سوودمەندبووانمان زیاتر دەکەین."

پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP