هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان رایگەیاند، هەر كاتێك وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی نوێ دەربكات، ئەوا ئێمە جێبەجێی دەكەین، وتیشی، ئێمە جێبەجێكارین، یاسادانەر نین.
بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، كۆتا بڕیار سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان پەیوەندیی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیار لەبارەی ئەو پرسە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆوە دەرناچێت، چونكە ئێمە جێبەجێكارین، یاسادانەر نین، ئەوەش ئێمە نین كە لەوبارەوە بڕیار دەردەكەین.
وتیشی، لە ئێستادا هیچ بڕیارێكی تازە نییە، هەر كاتێك وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی نوێ دەربكات، ئەوا ئێمە جێبەجێی دەكەین.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی وتیشی، كێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان تەنها پەیوەست نییە بە پارێزگای سلێمانییەوە، بەڵكو پەیوەستە بە هەموو هەرێم و دەبێت لەسەر ئاستی هەرێم چارەسەر بكریت و كۆتا قسە و بڕیاریش دەبێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 2ـی 12ی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە "دەستیان بەسەردا بگرن".
رۆژی 30ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنینی بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین"
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستان هەن، کە بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆیۆتا کراونن کە بە "مەلیکە" ناسراوە.