هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان – سلێمانی، ئاماری كار و چالاكییەكانی ساڵی 2024ی خۆیان بڵاوكردەوە.
عەقید سەلام، عەبدولخالق بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان – سلێمانی، لە ڤیدیۆیەکدا ئامار و کاروچالاکییەکانی ساڵی 2024ی خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا 257 ئۆپەراسیۆنیان بۆ دەستگیركردنی “تیرۆریستان” ئەنجامداوە، لەگەڵ 74 كێوماڵ بۆ لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی “تیرۆریستان”.
باسی لەوەشکرد، 636 كەس بە تۆمەتی “تیرۆر*” دەستگیركراون و بە پێی یاساكانی 2 و 4 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر” مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە و لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەكانی دیكەی كوردستان و عێراق، 126 كاری هاوبەشیان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و 19 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە بارزگان و بەكارهێنەر دەستگیركراون و بڕی سێ تۆن و 24 كیلۆ و 600 گرام ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، سێ هەزار و 283 سكاڵا لەسەر تاوانی ئەلیكترۆنی لە ئاسایش تۆمار كراوە و بەشێكی زۆری سكاڵاكان بە ئەنجام گەیشتووە و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.
هەروەها ئامارێكی دیكە دەخاتەڕوو، تێیدا 10هەزار و 157 سكاڵای تاوانە جۆراوجۆرەكان تۆمار كراون، جگە لەوەی 606 سكاڵا كە لە لایەن دادگاكانەوە بەرزكراونەتەوە، لە رێگەی كامێراكانی چاودێریی ئاسایشەوە بەدواداچوونی بۆ كراوە و هاوكاریی دادگاكان كراوە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران.
جەختی لەوەشکردەوە، ئاسایش لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان 50 هەزار و 983 سەردانیان بۆ بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان ئەنجامداوە و توانیویانە دەست بەسەر 629 تۆن خۆراك و دەرمانی ماوەبەسەرچوودا بگرن.
دووپاتی کردەوە، ئەمساڵ لە سنووری ئەواندا 63 كەس كوژراون و 32 كەیسی خۆكوژییش هەبووە، هەروەها 171 حاڵەتی تەقەكردن تۆماركراون.
ئاسایشی هەرێم – سلێمانی لە بارەی چەكی بێ مۆڵەتیش ئەوە دەخەنەڕوو، ئەمساڵ 142 بازرگان و تۆمەتبار بە چەكی بێ مۆڵەت دەستگیر كراون، 881 پارچە چەكیش دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ 22 هەزار و 354 پارچە تەقەمەنی.
ئاماژە بەوە كراوە ئەمساڵ 14 هەزار دۆلاری ساختە و 16ملیۆن و 750 هەزار دیناری ساختەش دەستیان بەسەردا گیراوە.