هەرێم نیوز
فەرماندەی “ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان”ی سووریا ڕایدەگەیەنێت، کورد بەشێکی دانەبڕوای سووریایە و لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیشدا دانوستان دەکەن.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کە هاوکات فەرماندەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەیە کە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد هێنا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە کە بڕیارە ئەمڕۆ دەقەکەی بڵاوبکرێتەوە، باسی لە پرسی کورد و ئایندەی سووریا کرد.
شەرع جەختیکردەوە لەوەی، کورد بەشێکی دانەبڕاوی پێکهاتەکانی سووریایە و سەبارەت بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیش ڕایگەیاند، ئیدارەی ئێستای سووریا لەگەڵ هەسەدەدا دانوستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە.
دەربارەی چارەنووسی ڕێکخراوەکەشی، ئەحمەد شەرع وتی: “بێگومان دەستە(ی تەحریری شام) هەڵدەوەشێتەوە و ئەوەش لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیدا ڕادەگەیەندرێت”.
لە باشێکی دیکەی قسەکانی شەرع باس لەوە دەکات، ڕەنگە پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوور نزیکەی سێ ساڵ بخایەنێت و بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش ڕەنگە پێویستمان بە چوار ساڵ بێت.
فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگە بە پەکەکە نادەین سووریا بکاتە پێگەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی.