هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، ئێمە بەدوای دابەشبوونی سوریادا ناگەڕین و ئامادەین ڕۆڵی خۆمان ببینین لە بنیاتنانەوە و بەشداریکردن لەو حکومەتەی کە وڵات بەڕێوەدەبات.
مەزڵوم عەبدی ئاماژە بەوە دەکات: هەماهەنگیان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەبووە لە دووەم ڕۆژی شەڕ و ڕوبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، لەگەڵ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی پێش وەختەیان لەگەڵ بەرەی تەحریر شام نەبووە کە ئەحمەد شەرع سەرکردایەتی دەکات. وتیشی، هەسەدە ئامادەیە تێکەڵی سوپای سووریای نوێ بێت، بەڵام دوای ڕێککەوتن لەسەر شێوازە گونجاوەکەی.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە دەشڵیت:" هۆشداری دەدەین لە دروستبوونی کارەساتێک لە کۆبانێ لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا، سەرباری ئەوەی هەسەدە لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازی بۆ ئەنقەرە کردووە ناوچەکە لە چەک دادەماڵدرێت، بەڵام تا ئێستا تورکیا وەڵامی نەداوەتەوە.".
ئاماژەی بەوەشکرد، داوای دیالۆگی ڕاستەخۆ و گشتگیر و بەپەلە دەکەین لەپێناو دروستکردنی سەردەمێکی پڕ لە ئارامی و ئاشتی و ئاسایش، بۆ ئەوەی سووریا هەنگاوێک بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە بنێت. وتیشی ئامادەین بەرپرسیارەتی ئاسایشی سنوور بە دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دیمەشق بدەن.
جێی ئاماژەیە بەیانی ئەمڕۆ هەینی، پێنج زرێپۆشی ئەمریکی لە شاری رەقەوە بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتن و ئەمریکا بەردەوامە لە زیادکردنی هێزەکانی لە شارەکە.