هەرێم نیوز
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان پووچەڵ کردەوە کە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج پاڵپشتی هێرشەکەیان دەکرد.
هەسەدە دەڵێت:" لە سنوری منبج پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزەکانمان و بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا ڕوویدا، هێزەکانمان دوای ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی بەکرێگیراوان، خاڵەکانی کۆبوونەوەی بەکرێگیراوانیان کردە ئامانج و 22 چەکدار کوژراون و 25 یش بریندار بوون."
ئەوەش باسکراوە"هاوکات لەگەڵ تێکهەڵچوونەکان، یەکەکانی شەهید هارون 4 جار خاڵ و گردبوونەوەکانی بەکرێگیراوانیان کردە ئامانج و کوژراو و برینداری زیاتری لێکەوتەوە."
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، گرووپی چەکداریی سووریا کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی هەسەدە و نزیکەی دوو هەفتەیە ناوبەناو شەڕ و پێکدادان لە نێوانیان ڕوودەدات.
دوێنێ پێنجشەممەش هەسەدە ڕایگەیاند لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 450 چەکداری سەر بە تورکیایان کوشتووە و چەندین تانک و زرێپۆشیان تێکشکاندووە.
ئەو هێزە چەکدارانە دەیانەوێت بەنداوی تشرین کۆنترۆڵبکەن کە دەکەوێتە نێوان کۆبانێ و منبج ولەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"یە.