هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە وتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند، کە لە ماوەی 20 رۆژدا نزیکەی 450 چەکداری تورکیا لە سوریا کوژراون.
فەرهاد شامی، وتەبێژ هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لەسەر بەنداوی تشرین دەنگۆی گرتنی بەنداوەکەی لەلایەن گروپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: بەنداوی تشرین و سەرجەم شار و گوندی ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی هەسەدەیە.
وتیشی، لە 20 رۆژی رابردودا، سوپای توركیا و چەكدارە نزیكەكانی ئەو وڵاتە چەندین هێرشیان كردوەتە سەر بەنداوی تشرین و هەوڵی كۆنترۆڵكردنیان داوە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە شكست بە هێرشەكانیان هێنراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانەی وەزارەتی بەرگری توركیا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی چەكدارە نزیكەكانییانە، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا نزیکەی 450 چەكداریان لێ كوژراوە لەگەڵ تێكشاندنی دەیان زرێپۆش و تانك".
بەنداوی تشرین دەکەوێتە نێوان منبج و کۆبانێ، و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە و بە دیاریکراوی لە 10.12.2024ـەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرش دەکەنە سەر ئەو بەنداوە و فڕۆکەکانی تورکیاش هاوکارییان دەکەن.
رۆژی سێشەممەش 24-12-2024، هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانیان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و گرووپەچەکدارەکانیان لە سوریا، 16 ئەندامیان شەهید بوون.