هەرێم نیوز
بەگوێرەی میدیای تورکیا، داواکاریی دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەسند کراوە و ئەمڕۆ یان سبەی شاندێکی ئەو پارتە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان دەچنە ئیمراڵی.
پێنجشەممە، 26ـی 12 2024، رۆژنامەی سەباح ـی تورکیا کە نزیکە لە دەسەڵات ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، داواکارییەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی بۆ ناردنی شاندێک بۆ ئیمراڵی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە ئەرێنی وەڵام دراوەتەوە و ئەمڕۆ یان سبەی هەریەک لە سری سوورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ و پەرورین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان دەچنە ئیمراڵی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا، دوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ پەیوەندی لەنێوان دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە دوورگەی ئیمرالی دەستبەسەرە، وەڵامێکی ئەرێنی دراوەتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پێویستە ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت و دوای ئەوەش ئەردۆغان پشتیوانی لە قسەکانی کرد. لە هەمانکاتدا باخچەلی رایگەیاندبوو، پێویستە دەم پارتی و ئۆجەلان کۆببنەوە.
سەبارەت بە بانگەوازەکەی باخچەلی، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، دەیانەوێت پێکەوە سەردانی ئیمراڵی بکەن و بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن. دواتر دەم پارتی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان، داواکاری پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
یڵماز تونچ، وەزیری داد لە دوایین لێدوانیدا لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکە دەکەن و ئاماژەی بەوەدا، دەکرێت دیدارەکە دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی 2025 بکرێت.