هەرێم نیوز
شارەزایەکی كەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلێکی باران و بەفر بەڕێوەیە و هەتا ڕۆژی شەممە 28 ی مانگ و درەنگانێک کاریگەری دەمێنێتەوە دواتر بەتەواوی کۆتایی دێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، پێشبینی ئەکرێت لەئەنجامی کاریگەری سەرەکی نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و تێکەڵ بوونی بڕێک شێی دەریای سوور و مەداری به شەپۆلی دەریای ناوەڕاست، ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران و بەفر هەتا ڕۆژی شەممە 28 ی مانگ و درەنگانێک کاریگەری بمێنێتەوە و دواتر بەتەواوی کۆتایی دێت.
باسی لەوەشکرد، کاریگەری سەرەتای شەپۆلەكە سبەی شەو زیاتر درەنگان و بەولاوە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و موسڵ و هەولێر ئەبێت دواتر ئیدارەی ڕاپەرین و سلێمانی و ناوچەکانی تر دوو سبەی هەینی ڕۆژەکەی و شەوەکەی زۆرترین کاریگەری شەپۆلهکە دەبێت لەبەرزی 1500مەتر و بۆ سەرەوە ئەو ناوچانەی بەرزن لەئاست ڕووی دەریاوە ئەگەری بەفر بارین هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، خێرایی بای باشوور و باشووری خۆرهەڵات بەتایبەتی چالاک ئەبێت لەسەر زۆرینەی ناوچەکان پێش گەیشتن و سەرەتای شەپۆلەکە بەزۆری “بەخێرایی 25 تا70کم لە كاتژمێرێكدا لەهەندێ شوێن ئەگەر هەیە زیان بدات و درەخت بشکێنێ.
ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕوونیشی كردەوە، ئەم شەپۆله بەنسبەت شەپۆلەکانی تری ئەم مانگە باشترە و زۆرترین بڕی باران بۆ ناوچە جیاوازەکانی سنوری دهۆک و هەولێر و ڕاپەرین دەبێت، كە دەگاتە 20 بۆ 60 ملم و کەمترین ڕێژەش ئەگەر هەیه لەناوچەکانی گەرمیان بێت و لە سلێمانی و دەوروبەری و شارەزوور و گەرمیان 8 ملم تا سەروی 40 ملم.