هەرێم نیوز
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، رۆژانی پشوودا سەرجەم نەخۆشخانەکان ەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەشێوەی ئێشکگر.
سامان لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەمەبەستی ئامادەکاری و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە رۆژانی پشوودا، جگە لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان، سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە گرنگەکانی وەك، سەنتەری فریاکەوتنی خێرا، سەنتەری شوشتنی گورچیلە، سەنتەری چارەسەرکردنی شێرپەنجە بەتیشك و تیمەکانی چاودێری تەندروستی، پشکنینی ئاو، نەخۆشییە گوازراوەکان، بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەشێوەی ئێشکگر.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەوی سەری ساڵێشدا، نزیکەی 25 تیمی تەندروستی لەناو شاری سلێمانی جێگیر دەکرێن و لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی کتوپڕدا، پەیوەندی بە سەنتەری فریاکەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122 بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەریش، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر پلانی رۆژانی پشووی سەری ساڵی میلادی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو رۆژانەدا لە ئامادەباشیدا دەبن و بڵاوە بە تیمەکانیان لە سەنتەری شار دەکەن.