دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24/12/2024

کاروانێکی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕەققەوە بەرەو کۆبانێ جوڵەی پێکرا

هەرێم نیوز 

ئەو هێزە سەربازییەی سوپای ئەمەریکا کە لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان جێگیربوون، کاروانێکی هێزەکانیان لە ڕەققەوە بەرەو کۆبانێ جوڵاند.

کاروانێکی سەربازە ئەمەریکییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخە و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، چوونەتە شاری کۆبانێ و بە نێو شارەکەدا نمایشی سەربازی دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە ڕایگەیاند، بۆ دڵنیاییدان بە حکوومەتی تورکیا هێزەکانی لە کۆبانێ کشاندووەتەوە و ئێستا ئاسایشی شارەکە ڕادەستی هێزەکانی ڕێکخستنی ناوخۆ کراوە، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.

ئەمڕۆکەش هەسەدە ڕایگەیاند، لە نزیک بەنداوی تشرین هێرشێکی چەکدارانیان تێکشاندووە و ڕێگریان لێکردوون پێشڕەوی زیاتر بکەن.

هەروەها سوپای تورکیا سەرەتای ئەم هەفتەیە هێزێکی زیاتری بە تانک و چەکی قورس ڕەوانەی جەرابلوس و منبجی کرد، بۆ ئەوەی هێزی زیاتر لە دەوروبەری کۆبانێ جێگیر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP