هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری راونگەی سوریا ڕایگەیاند، ئەمریکا و فەرەنسا رەنگە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی کۆبانی لەچەك دابماڵن و بۆ ئەوەی لەلایەن توركیاوە نەكرێتە ئامانج.
رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری راونگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم مانگەوەو لەدوای هەڕەشەكانی توركیاوە، سوپای ئەمریكا چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی لۆجستی و سەرباز رەوانەی بنكە سەربازییەكانی دەكات لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.
لەوچوارچێوەیەدا، ئێوارەی دوێنێ فرۆكەیەكی بارهەڵگر لە بنكەی "خەراب ئەلجیر" لە ناوچەی رمیلان، لە باكوری حەسەكە نیشتووەتەوە، كە وێڕای كەرەستە، سەربازی زیاتری هێناوە، ئەوە لەكاتێكدایە، پیناگۆن بەمدواییانە ئاشكرایكرد، ژمارەی سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان (2.500) سەربازە، كە پێشتر زانیارییەكانی ئەمریكا باسیان لەبوونی تەنها (900) سەرباز دەكرد.
ئاشکراشیکرد، لەچەند رۆژی رابردوودا، لایەنی كەم (60) بارهەڵگر كە كەرەستەی سەربازییان تیادابووە لە دەرەوازەی وەلید لە عێراقەوە داخڵی سوریابوون، ئەوەش هاوشانی زیادبونی هێزەكانی ئەمریكایە لە بنكەكانی دەیرزور لە كێڵگەی عومەری نەوتیەوە تا دەگاتە كۆبانی، لەژێر ناونیشانی پاراستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و شەڕی داعش.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەناوچەكانی دەیرزور و ریفی حەسەكە رەنگە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی بێت دژی شانە نوستووەكانی داعش، بەڵام بردنی چەك و هێز بۆ كۆبانی پەیوەندی نییە بە داعشەوە، رەنگە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراوبێت، بۆ ئەوەی لەلایەن توركیاوە نەكرێتە ئامانج، ئەگەری ئەوەش هەیە لەپشتی پەردەوە لەلایەن ئەمریكاو فەرەنساوە هەوڵی رێگەگرتن لە شەڕی نێوان توركیاو هەسەدە هەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئامادەییان دەربڕی بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو جەنگاوەرانەی كە خەڵكی سوریانین.