هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، دەست بەسەر ژمارەیەکی بەرچاوی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا گیراوە، ئەوانەی دیکەش لەسەر شەقام نەماون.
عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاڕی نەهێشتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بڕیاری هەموومان بووە لە لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی تا چاسەریان بۆ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکارەکان بەردەوام دەبن و تا ئێستا دەست بەسەر ژمارەیەکی بەرچاوی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا گیراوە، ئەوانەی دیکەش لەسەر شەقام نەماون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 2ـی ئەم مانگە لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جام ڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە "دەستیان بەسەردا بگرن".
رۆژی 30ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنینی بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و بە تایبەت ئەوانەی پێیاندەگوترێت مەلیکە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین".