هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کابینەکەی ترەمپ پەیوەندیەکانی تەلەفۆنیان ئەنجامداو جەختیان لە لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری کردەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ مایکل واڵتز کۆنگرێسمانی ئەمەریکی، کە بەم دواییە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە، وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا ، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە، چەندین بابەتمان تاوتوێ کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆمان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کرد و جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، پیرۆزباییمان لە کۆنگرێسمان واڵتز کرد بە بۆنەی دەستنیشانکردنی و ستایشی تێگەیشتنی قووڵی ئەوی لە بابەتە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کرد.
وتیشی، هەروەها بیروڕامان لە بارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختمان لە گرنگی گۆڕانکاریی دیموکراسییانە و پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کردەوە.
ئەوەش هاتووە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان، تایبەت بوو بە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەکە و پابەندبوون بە بەها و ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتی و ئاسایش.
وتیشی ، هاوڕابووین لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری.