هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدى ڕایدەگەیەنێت، تا ئەو کاتەى لەگەڵ تورکیا دەگەنە رێککەوتنى ئاگربەستى هەمیشەیى، شەڕڤانە بیانییەکان لە رۆژئاواى کوردستان دەمێننەوە.
لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسى رۆیتەرز مەزڵوم عەبدی، فەرماندەى گشتیى هەسەدە لەبارەی شەڕڤانە بیانییەکان ڕایگەیاند، لەبەرئەوەى دۆخێکى نوێ لە سوریا هاتووەتە ئاراوە، کاتى ئەوەیە ئەو سەربازە بیانییانەى لە جەنگەکاندا یارمەتییاندان بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان.
مەزڵوم عەبدى وتی، بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هێرشێکى تورکیا و بەکرێگیراوەکانیان ئامادەن و هەرکات ئاگربەستى هەمیشەیى لەگەڵ تورکیا راگەیەندرا، شەڕڤانە بیانییەکان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانى خۆیان.
تورکیا ڕایگەیاندووە کە مەرجێکی سەرەکییان بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە ئەوەیە شەڕڤانە کوردەکانی دەرەوەی سووریا بکشێنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، مەزڵووم عەبدی بۆ یەکەمین جار پشتڕاستیدەکاتەوە کە شەڕڤانانی بیانی، لەنێویاندا ئەندامانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدان، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە، وێڕای ئەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ یارمەتیدانیان چوونەتە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، هەسەدە هیچ پەیوەندییەکی رێکخراوەیی بە پەکەکەوە نییە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو شەڕڤانانە دە ساڵی ڕابردوودا لە بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ داعش هاوکارییان بوون و دەڵێت: بەشێک لەو شەڕڤانانە لە چەند ساڵی رابردوودا سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ناوچە بنەڕەتییەکانیان، بەڵام هەندێکیان بۆ شەڕی دژی داعش ماون و ئێستا کاتییەتی ئەوانیش بگەڕێنەوە، ئەگەر ئاگربەست رابگەیەندرێت.