هەرێم نیوز
لە بودجەی ساڵی 2025ى وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا سەدان ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقییەكان تەرخان كراوە.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 85 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 14 دەنگی نەخێر، پڕۆژە یاسای بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2025 پەسەندكرد.
بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەکە لەو بڕە پارەیەی کە داواکراوە، 380 ملیۆن و 758 هەزار دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانە، 147 ملیۆن و 941 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت پڕۆژە یاساکە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆ بکرێت و ببێتە یاسا. هاوکارییەکان تایبەت دەبن بە مەشق و راهێنان و هەروەها پڕچەککردنی ئەو هێزانەی رووبەڕووی داعش دەبنەوە.
ئەمریکا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە هەسەدە لە لەناوبردنی داعشدا هاوپەیمانێکی بەهێزی بووە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی.
هاوکات یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەش لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوام جەخت لە هاوپەیمانی و نزیکی دەکەنەوە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.